»   راپۆرت
چەندین نەخۆشی مەترسیدار بۆ لەشی مرۆڤ دەگوازنه‌وه‌

گۆشت و خوێن، ئەو دو ناوەندەن كە میكرۆب و ڤایرۆسەكان بەخێرایی تەشەنەی تێدا دەكەن و لەڕێگەی ئەمانیشەوە چەندین نەخۆشی مەترسیدار بۆ لەشی مرۆڤ دەگوازرێتەوە، پزیشكەكانی ڤێتێرنەری و تەندروستی ئاماژە بۆ ئە‌وە دەكەن چەند جۆرێك نەخۆشی هاوبەش لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا هەیە كە بە نەخۆشییە مرۆژەڵیەكان ناسراون. ‌چەند ساڵێكە گۆشتفرۆشتن لەشەقام و شاڕێكان بۆتە دیاردە و گۆشتەكانیان پشكنینیان بۆ ئەنجام نادرێت و‌ گومانی گواستنەوەی‌ نەخۆشییە مەترسیدارەكانیشی لێدەكرێت.


بەمەبەستی بنەبڕكردنی دیاردەی گۆشتفرۆشتن لە شەقام و شاڕێكان، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت هەڵمەتی دەستگیركردن و رادەستكردنی سەرپێچیكارانی بەدادگا دەستپێكردوە و بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی رایدەگەیەنێت گۆشتەكە‌ مەترسی بۆ‌ سەر تەندروستی مرۆڤ هەیە.


‌د.رزگار عەلی، بەڕیوەبەری خۆپاراستنی سلێمانی رایگەیاند؛ فرۆشتنی گۆشتی مۆرنەكراو لەسەرشەقامەكان‌ لەلایەن تەندروستی و ڤێتنەرییەوە مۆڵەتی پێنەرداوە و ئەو گۆشتەشی لەسەر شەقامەكان دەفرۆشرێت زیانی بۆتەندروستی هاوڵاتیان هەیە.

وتیشی؛ شاڕێكان و سەرشەقامەكان‌ شوێنی فرۆشتنی گۆشت نییە چونكە ئەو پیشە پێویستی بە شوێنی گونجاوی دور لە تیشكی خۆر و ئامێرەكانی ساردكردنەوە و پاكوخاوێنی هەیە، بەڵام تۆز و خۆڵی شەقامەكە لەسەر گۆشتەكە ئەنیشێت و پیسی دەكات.


هەروەها؛ پشكنینی تەندروستی بۆ ئەو كەسانەی كاری گۆشتفرۆشتن لەسەر شەقامەكان دەكەن نەكراوە، ئایا هەڵگری هیچ نەخۆشیەك نین یاخود نەخۆشی ناگوازنەوە؟‌ 
بۆ سەلامەتی تەندروستی هاوڵاتیان داوایان لێدەكەم خۆیان لە كڕینی ئەو گۆشتە بەدور بگرن و لەو شوێنە نافەرمی و ‌ناتەندوستانە گۆشت نەكڕن، چونكە گومانی نەخۆشیەكانی سكچون و رشانەوە یاخود حومەی ماڵتا و نەخۆشیە‌ ترسناكانەی تری لێدەكرێت. 

پشكنین بۆ گۆشتی سەرشەقامەكان ناكرێت

لە كوشتارگەكاندا پێش سەربڕین لەلایەن پزیشكی ڤێتێرنەریەوە‌ پشكنین بۆ ئاژەڵەكان دەكرێت، دوای سەربڕینیش بەهەمان شێوە جارێكی تر پشكنین بۆ گۆشتەكەیان دەكرێتەوە،‌ پاشان بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانی مۆری دەكات، لە كاتی هەبونی هەرجۆرە نەخۆشیەك ئاژەڵەكە لەناودەبرێت.  


د. بورهان عومەر، لێپرسراوی بەشی كوشتارگەكان لە بەێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانی وتی؛ بەمەبەستی دڵنیا بونەوە لە گەیاندنی گۆشتی تەندروست بۆ هاوڵاتیان، لە كوشتارگەكاندا پشكنین بۆ ئەو ئاژەڵانە دەكرێت كە دەهێنرێن بۆ سەربڕین، پاش دڵنیابوونەوە لەوەی ئاژەڵەكە كە هەڵگری‌ نەخۆشی نییە و لەلایەن كەسانی تایبەتەوە ‌لە كوشتارگەكان سەردەبڕرێن.


هەروەها وتی؛ لەكاتی نەبونی نەخۆشی لە گۆشتی ‌ئاژەڵە سەربڕاوەكە، لە ساردكەرەوەی كوشتارگەدا 12 بۆ 24 كاتژمێر دەمێنێتەوە، پاشان گۆشتەكە رەوانەی بازاڕەكان دەكرێت.

رونیكردەوە؛ لەبەر ئەوەی گۆشتی ئەو ئاژەڵانەی لە شەقامەكان دەفرۆشرێت بە رێكارەكانی پشكنینی ڤێتێرنەری و تەندروستی كوشتارگەكاندا نەرۆشتوە و گومانی هەبونی نەخۆشییە مەترسیدارەكانی (تای خوێن بەربوون، كرمی ‌ناو گۆشتەكە و كیسی ئاوی ‌)ی لێدەكرێت، گۆشتەكە شیاوی خواردن و بەكارهێنان نیە و پێویستە ئاژەڵەكە لەناوببرێت.

هەروەك وتیشی؛ یەكێكی تر لە نەخۆشیە مەترسیدارەكان هەبوونی مشەخۆرەكانی خوێنە لە گۆشتەكەدا،‌ كە ڕەنگی گۆشتەكە بۆ زەرد دەگۆڕێت و لەكاتی دەركەوتنیدا پێویستە ئاژەڵەكە بسوتێنرێت.‌

 
لێپرسراوەكەی كوشتارگەكانی ڤێتێرنەری سلێمانی هەڕەشەی سزادان لەوكەس و شوێنانەی دەكات سەرپێچی دەكەن كە مۆڵەتی كاركردنیان لە بەڕێوەبەرایەتیەكانی ڤێتنەری و تەندروستی وەرگرتوە دەڵێت؛ پێویستە پابەندی مەرج و رێنماییەكانی كاركردن بن لە ‌هەبونی گۆشتی مۆرنەكراو لە شوێنەكەیاندا خاوەنەكانیان روبەروی سزای قورس دەبنەوە.


  سەپێچیكاران رادەستی دادگا دەكرێن


لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت بە هاوكاری لیوای یەكی پاراستنی سلێمانی، رۆژانە ‌چاودێری شەقام و شاڕێكان دەكەن و دەست بەسەر گۆشتی ئەو ئاژەڵانەدا دەگرن كە بەنایاسایی و بەدەر لە رێنماییە تەندروستی و ڤێتنەرییەكان سەردەبڕدرێت و بە هاوڵاتیانی دەفرۆشن.
 
گۆران قادر، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكان ووتی؛ لیژنە تایبەتمەندە‌كان كە نوێنەری بەڕیوەبەرایەتیەكانی ڤێتنەری و تەندروستی تێدایە بە هاوكاری لیوای یەكی پاراستنی سلێمانی چاودێری ئەو شەقام و شاڕێیانە دەكەن كە بەنایاسایی ئاژەڵی لێ سەردەبڕرێت و بە هاوڵاتیانی دەفرۆشن.


وتیشی؛ داواكاری گشتی سەربڕینی ئاژەڵ و فرۆشتنی گۆشتەكەی لەسەر شەقامەكان بە تاوانی بینراو (الجریمە المشهودە) ناوبردووە‌، بە نوسراوی فەرمی داوای دەستگیركردن و رادەستكردنی ئەو كەسانەی كردوە، لەلایەن پۆلیس و ‌دادگا بۆ گرتنەبەری رێكاری پێویست بەرامبەریان.


رایگەیاند؛ لەچەند رۆژی رابردودا دەست بەسەر ژمارەیەكی زۆر ئاژەڵی سەبرراودا گیراوە لەگەڵ ئەو پێداویستیانەی لەلایەن گۆشتفرۆشەكانەوە بەكاردەهێنرێت، گۆشتەكە رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانی كراوە بۆ لەناوبردنی‌، هەروەها؛ رێكاری پێویست بەرامبەر بە خاوەنەكانیان دەگیرێتەبەر.


سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی داوا لە هاوڵاتیانی شاری سلێمانی دەكات؛ بۆ سەلامەتی تەندروستیان ئەو گۆشتە مەكڕن، كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ڤێتەنەرییەوە پشكنینی بۆ نەكراوە و لەسەر شەقامەكان دەفرۆشرێت، لەكاتی هەبونی لە شەقام و كۆڵانەكان لەڕێی ژمارە (07708677777)‌ یاخود تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك لاپەڕەی فەرمی (قائیمقامیەتی سلێمانی)ەوە لیژنە هاوبەشەكان ئاگادار بكەنەوە.‌



س . ب
راگه‌یاندنی قائیمقامیه‌تی سلێمانی 





 

877 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
13/06/2018
زیاتر
»
لیژنە هاوبەشەكانی چاوێكی كراوەن بۆ خزمەتی شاری سلێمانی...
»
قائیمقامی سلێمانی: بریاری لابردنی خانەکان جێبەجێدەکات...
»
سلێمانی: 118 كافتریای نێرگەلە هەیە...
»
قائیمقامی سلێمانی: لەرووی سەلامەتی باڵەخانەكانەوە هەنگاوی گرنگ نراوە ...
»
قائیمقامی سلێمانی بەدواداچون بۆ گرفتەكانی پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی ئوتێل فەرەح دەكات...
»
بەوێنە : گەیشتنی ژمارەیەكی زۆری خێزانی عەرەب بۆ سلێمانی ...
»
ئامارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشەنگی سلێمانی پشتراست دەکاتەوە...
»
شەقامەکانی سلێمانی رووناکدەکرێتەوە...
»
سلێمانی ... كۆبوونەوەیەكی بەرفراوان بۆ پێشخستنی كەرتی گەشتیاری بەڕێوەچوو...
»
كارگەی جگەرەی سلێمانی دەكرێتە ناوەندێكی گەورەی رۆشنبیری...
1
Copyright ©2015. All rights reserved.